دە خاڵی بەرچاو بۆ دامەزراندنی شوێنێکی شیاو بۆ هاوکاری و پێشکەوتن لە ڕوانگەی بەرنامەنووسێکەوە

باشترین کاتەکانی مرۆڤ ئەو کاتانەیە وا خەریکی کار و تکۆشانە لە ڕێبازی ڕەچاو کردنی ئامانجەکانیدا. بەم بۆنەوە هەر کەسێ لە کات و ساتی کار کردنیدا لەگەڵ چەند کەسێکی‌تردا هاوکاری هەیە. سەرجەم شوێنی کارکردن و هاوکارەکانتان و خۆتان دەبێ بە لەونێ بێت کە بە کارکردنتان دڵخۆش بن و لێی وەڕەز نەبن هەروەها خۆیشتان ڕۆژ بە ڕۆژ پێشکەون و ئەوڕۆتان لە گەڵ دوێنێ‌دا جیاوازی هەبێت. بۆیە پاش چەندین ساڵ بەرنامەنووسین ئەم خاڵانەی خوارەوە لە ڕێگەی ئەزموونەوە بەدەستم هێناوە بۆیە لێرە لەگەڵ ئێوەدا هاوبەشی دەکەم. هیوادارم بە کەڵکتان بێت.

  1. ئەگەر تازەکارن لە فیکری ئەوەدا بن چۆن کارەکە دەبێ ئەنجام بێت نەک کۆدەکەی چۆن بێت واتا لە پێشدا چلۆنی ئەنجام دانی کارەکە گرنگە نە چلۆنی کۆد نووسینەکەی
  2.  لە سەرەتای کارەکانتاندا بزانن چ وشەگەل و زاراوەگەلێ لەو بوارەدا بەکار ئەهێنرێن و سەرەکین. وەکوو ئەوەی چلۆن دراوەکانی پێگەی دراوەیێک لە نێوە (ComboBox)دا نیشان بدەین بەم کارە دەڵێن (Bind) کردن. بەم وشە سەرەکی و زاراوەگەلە دەتوانن بە گەڕان لە نێو گۆگڵدا وڵامی خۆتان وەدەست بێنن.
  3. کاتێ لە ناو تیمێکدا هاوکاری تازەکارتان هەیە لێیان بپرسن کێشیەیان هەیە یان نە؟ تا هەستی تەنیاییان نەبێ و دڵخۆش بن کە یەکێ هەیە یارمەتیان بدات. لەگەڵیشان دانیشن و پێکەوە بەرنامە بنووسن تاکوو لە ئەزموونی ئێوە کەڵک وەرگرن.
  4.  کاتێ تووشی گرفتێک دەبن لە ئەو کەسانەی وا تازەکارن بپرسن ئاخۆ بۆ ئەم کێشەیە چارەسەرییێکیان هەیە؟ ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هاوکارەکانتان پلەی بەخۆدا پەرمینیان بڕواتە سەر و لە داهاتوودا ئەزموونەکانیان لە گەڵتاندا هاوبەش بکەن.
  5.  کاتێ دوای نەهار خواردن هەستتان بە خەواڵوو بوون کرد وەنەوزێکی دە یان پانزدە خولەکی بدەن. ئەگەر نیگەرانی ئەوەن کە نابێ لەسەر کارەوە بنوون و بەڕێوەبەرەکەتان پێی ناخۆشە دڵنیگەران نەبن چونکە ئەو دەزانێ ئەگەر خەواڵوو بن ناتوانن لەسەر کارەکەتان چڕ ببنەوە و کارەکە بە دروستی ئەنجام بدەن. بۆ دڵنیاییش لەم بابەتە دەتوانن لەگەڵیاندا دانیشن و لەم بارەوە پێکەوە قسە بکەن.
  6.  کاتێ دەتانەوێ بە کارەکەتان کۆتایی بێنن و بچنەوە بۆ ماڵ ئیدی پرسیار مەکەن. چونکە ڕەنگە بۆ وڵامی پرسیارەکەتان مەجبوور بن چەند کاتژمێرێ دێرتن بڕۆنەوە!
  7. با شوێنی کارکردنتان رووناک بێ، قەت لە تاریکیدا کار مەکەن دەنا دەبێتە هۆی گۆشەگیریی و خەمۆکی
  8.  لە گەڵ خەڵکیدا هەڵس و کەوتتان هەبێت و لە کۆڕە پسپۆڕانەکانی کامپیوتێر و غەیری پسپۆڕانەدا بەشدار بن. وەکوو جاڵجاڵووکە لە بن میچەوە هێلانە مەکن و خۆتان لە دنیای کامپیوتێر و بەرنامەنووسیندا نوقم مەکەن!
  9.  لە کاتی خوێندکاریدا (دانشجوویی) تاکوو دەتوانن بوارە جۆراوجۆرەکان تاقی بکەنەوە تا ئەو ڕادەیە بتوانن هۆگری خۆتان بدۆزنەوە. پاشان لەسەر هەمان رێچکە کە گرتووتانە بڕۆن تاکوو پلەی شارەزایی و پسپۆڕی وەدەست بێنن. زۆر ئەم چڵ و ئەو چڵ مەکەن چونکە کات بە فێڕۆ ئەدەن و لە کۆتاییشدا زۆر بابەت دەزانن بەڵام لە قوڵایی بەباتەکە تێنەگەیشتوون.
  10. بخوێننەوە و تیئۆرییەکانتان بە کردەوەگەلی بچووک بچووک مسۆگەر بکەن.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

Scroll to top